وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا وەڵامی بڕیار و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە سەپاندنی باج بەسەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبن و ڕایگەیاند'' تاران دادپەروەرتر دەبێت لە وەرگرتنی باجی ڕێڕەوە دەریاییەکەدا.''
عەباس عێراقچی لە پەیامێکدا لە سەکۆی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی'' ئێران هەمیشە پارێزەری گەرووی هورمز بووە و بۆ هەتا هەتایەش هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەمریکا بە تەواوی ڕاست دەکات کە هەر لایەنێک ڕێڕەوی سەلامەت و پارێزراو بۆ کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دابین بکات، پێویستە قەرەبووی ئەو خزمەتگوزارییەی بکرێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە، وەرگرتنی ڕێژەی ٢٠٪ باج بە دڵنیاییەوە زۆر بەرزە، ئێمە زۆر لەوە دادپەروەرتر دەبین.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەوان ئاسایشی گەرووی هورمز دەگرنە دەست، بەڵام بە خۆڕایی ئەو کارە ناکەن و ڕێژەی ٢٠٪ باج بەسەر ئەو کەشتیانەدا دەسەپێنن کە بەو گەرووە ستراتیژییەدا تێپەڕدەبن.