کۆمەڵێک دایک و باوکی کورد یاداشتێک ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف دەکەن

کۆمەڵێک لە دایک و باوکانی کورد، یاداشتێکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی هاوسەنگیی ئایینی، کۆمەڵایەتی و کلتووری و پاراستنی نەوەی نوێ لە هەر وتار و ڕەفتارێک کە ببێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگە.

لە یاداشتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامانجی ئەوان لێپرسینەوە نییە لە ئازادیی باوەڕ، بەڵکو مەبەستیان پاراستنی پێکەوەژیان و فرەیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە دابونەریتی کوردەوارییە. لەم چوارچێوەیەدا، حەوت داواکاریی سەرەکییان ئاراستەی وەزارەتەکە کردووە:

هاوسەنگیی وتاری ئایینی: پێویستە وتارەکان هانی یەکگرتوویی بدەن و لە زمانی دابەشبوون و تاوانبارکردنی هاووڵاتیان دوور بکەونەوە، هاوکات گرنگی بە پرسەکانی ئەخلاق، پەروەردە، خێزان، زانست و گەشەپێدان بدرێت.

پاراستنی منداڵان و گەنجان: داوا کراوە ناوەڕۆکی وتار و بڵاوکراوەکان لەگەڵ تەمەن و پێداویستییە دەروونی و پەروەردەیییەکانی منداڵان و گەنجاندا بگونجێنرێت.

پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و کلتووری: جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە زمان، کلتوور، پۆشاک و دابونەریتی کوردەواری کراوەتەوە لە سەرجەم چالاکییەکاندا، و پێویستە بابەتەکانی خێزان و ژنان لە چوارچێوەی یاسا و مافەکانی مرۆڤدا تاوتوێ بکرێن.

شەفافییەت و لێپرسینەوە: داوا لە وەزارەتی ئەوقاف کراوە بە شەفافییەتەوە مامەڵە لەگەڵ سکاڵا و پێشێلکارییە یاسایی و ڕەوشتییەکاندا بکات و میکانیزمێکی ڕوون بۆ بەرپرسیارێتی دابنێت.

ڕێزگرتن لە فرەیی ئایینی: لە یاداشتەکەدا هاتووە کە پێویستە ڕێز لە سەرجەم پێکهاتە و ئایینەکانی کوردستان و عێراق (وەک: ئیسلام، زەردەشتی، یەزیدی، یارسانی و باوەڕەکانی دیکە) بگیرێت، چونکە ئەم فرەیییە بناغەی ئاشتیی کۆمەڵگەیە.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا، کە لە ڕێککەوتی ١٤/٧/٢٠٢٦ ئاراستە کراوە، ئەو دایک و باوکانە هیوایان خواستووە وەزارەتی ئەوقاف هەنگاوی یاسایی و ڕێکخراوەیی پێویست بنێت بۆ بەهێزکردنی وتاری میانڕەو و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە.




PM:06:01:14/07/2026