بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاگادارییەکی
ئاراستەی گەشتیاران و هاونیشتمانیان دەکات و رایدەگەیەنێت سبەی هەینی، هاتوچۆ لە دەروازەکە
رادەگیرێت.
بە پێی راگەیەندراوێکی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی
نێودەوڵەتی زێت لەسەر داواکاری لایەنی تورکیا (دەروازەی دەرەجیک)، سبەی هەینی ١٧ی
تەموز، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاراندا دادەخرێت. هۆکاری ئەم
داخستنەش بۆ کارکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی دیوی تورکیا لە سنووری دەروازەی
دەرەجیک دەگەڕێتەوە.
راگەیاندنی دەروازەی زێت جەخت دەکاتەوە، لە دیوی هەرێمی
کوردستانەوە هیچ گرفتێک نییە و هەموو کارەکان ئاسایین، بەڵام بەهۆی چاکسازییەکانی
دیوی تورکیاوە ناچارن هاتووچۆ بوەستێنن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "بەهۆی ئەوەی رۆژانی
شەممە و یەکشەممە پشووی فەرمی دەروازەکەیە، بۆیە گەشتکردن و هاتوچۆی ئاسایی لە رۆژی
دووشەممە، ٢٠ی تەموز دەستپێدەکاتەوە."
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، داوا لە گەشتیاران
دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گرفتێک، ئاگاداری کاتی داخستنی دەروازەکە بن و پلان
و کاتی گەشتەکانیان بۆ رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو رێکبخەن.