باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری بەپەلە دەدات


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری بەپەلە دەدات بە هاوڵاتیەکانی و دەڵێت "دوای ئەو هێرشە درۆنییانەی لەلایەن گرووپە نزیکەکانی ئێرانەوە لە ١٥ـی تەمووز کرانە سەر هەولێر، ئامۆژگاریی هاوڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق دەکەین لەوپەڕی ئامادەباشیدابن".

پێنج شەممە، ١٦ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، گەشتە ئاسمانییەکان رابگیرێن و ئاسمانی وڵات دابخرێت"، داوا لە گەشتیاران دەکات پێش چوونە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا، بەسرە و سلێمانی، بەدواداچوون بۆ گەشتەکانیان لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان بکەن.

"ئەمریکا هۆشداریی ئاستی چوارەم گەشت نەکردن بۆ عێراق وەبیر هاوڵاتییانی دەهێنێتەوە و جەخت دەکاتەوە، بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، پشێویی مەدەنی و سنوورداریی توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی، بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق مەکەن"، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق وا دەڵێت.

لە بارەی بەردەوامی کارەکانی باڵیۆزخانە رایگەیاندوە کە "نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە عێراق لە کارەکانی بەردەوامە، سەرەڕای دەرکردنی فەرمانی دەرچوونی ناچاری بۆ بەشێک لە فەرمانبەران".

باڵیۆزخانەکە دەشڵیت "هاوڵاتییانی ئەمریکی دەتوانن بۆ حجزکردنی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکان، لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بکەن".

دوێنێ شەو (١٥ تەمووز ٢٠٢٦)  دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە رێگای ٨ەشت درۆنەوە کراوەتە ئامانج و هەموویان لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 




PM:08:27:16/07/2026