خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان ئاگادار دەکرێنەوە


ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەیان بۆ هەڵکردنەوەی مۆلیدەکان و سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانیش لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت "ناتوانن خاوەن مۆلیدەکان ناچار بکەن کار بکەن".

پێنج شەممە، ١٦ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێردا هاتووە "بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکان، خشتەیەکی نوێی کارکردن و نرخ بۆ سنووری پارێزگای هەولێرناو شار، قەزا و ناحیەکان راگەیێندرا، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، خاوەن موەلیدەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە پێویستە بەپێی ئەم رێنماییانە کار بکەن".

عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە میدیاکانی رایگەیاند   "مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لە دوای جەژنەوە کاریان نەکردووە، چونکە لە سلێمانی کارەبا نەدەبڕا؛ بۆیە هیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووە، ئەگەر باج و رسووماتمان لەسەر هەڵنەگیرێت و قەرەبوو نەکرێینەوە، ناتوانین خاوەن موەلیدەکان ناچار بکەین کارەبا بدەن".

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە "بەهۆکاری گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کەمی کرد".




PM:08:50:16/07/2026