بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر راگەیاندراوێکی هۆشداری بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە فرۆشتنی غاز.
پێنج شەممە، ١٦ تەمووز ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند "کارگە و گرووپەکانی فرۆشتنی غاز ئاگادار دەکەینەوە لەوەی تەنیا غاز بدەنە بریکارەکانی حکومەت کە بارهەڵگرەکانیان تابلۆی زەردیان پێوەیە یان تابلۆی شینیان پێوەیە و کۆدی بەڕێوەبەرەیاتییەکەیان دراوەتێ".
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێرجەختیش دەکاتەوە کە "هەر کارگە و گرووپێک غاز بداتە بارهەڵگری دیکە، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت. ئەم رێکارە دوای ئەوە دێت کە دانەگاز بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستاند".
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە "بەهۆکاری گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کەمی کرد"