شیرین ئەمین (شێرین کاوە گەرمیانی)، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان و هاوژینی "شەهیدی قەڵەم" کاوە گەرمیانی وتارێکی سەبارەت بە سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان، بە ناونیشانی " شانۆگەریی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان خزمەت یان تاڵانکاری؟" بڵاوکردوەتەوە.
شیرین ئەمین وتارەکەی پێنج شەممە، ١٦ تەمووز ٢٠٢٦، بڵاوکراوەتەوە و نوسیویەتی " قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بە پێشوازییەکی سارد و لێوانلێو لە توڕەیی خەڵکەوە پێی ناییە خاکی گەرمیان خاکێک کە ساڵانێکە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا تەنها غەدر و پشتگوێ خستنی بەردەکەوێت. هاتووە بە جۆرێک قسە دەکات وەک ئەوەی منەتی بەسەر خەڵکی ئەم دەڤەرەدا هەبێت و خزمەتگوزاری پێشکەش کردبن لە کاتێکدا زەوییەکانی گەرمیان بوونەتە قوربانیی دەڵاڵەکانی قوباد و پڕۆژە سەکەنییەکان وەفەرمانبەران و هاووڵاتیانی شایستەی گەرمیان ساڵانێکە چاوەڕوانی پارچە زەوییەکی باش دەکەن".
"هەرچی تەپ و گرد و زەوی ستراتیژیی گەرمیان هەیە لە ڕێگەی دەڵاڵ و پیاوەکانی قوباد تاڵەبانییەوە کراونەتە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بازرگانی (سەکەنی)هەرچی خراپیش هەیە بۆ میللەت، زەویی کە مافی ڕەوای خەڵکی کەم دەرامەتە کراوەتە کەرەستەی دەوڵەمەندبوونی تاقمێکی بازرگان و دەستڕۆیشتوو کە لەژێر چەتری دەسەڵاتی جێگری سەرۆک وەزیراندا کار دەکەن"، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وا دەڵێت.
شیرین ئەمین وتوشیەتی کە قوباد تاڵەبانی "باسی خۆشویستنی خەڵکی گەرمیان دەکات بێ گومان بۆ نا چوون خاکەکەی چەورو پڕ لە پارەیە بۆتان، پاشان باسی دانیشتن دەکات لەگەڵ وەبەرهێنان ئەمەشیان بۆنا چوون بەرهەمی باشی هەبووە بۆتان کەس گومانی نیە لەوە کاکی جنتا هەڵگر، گەرمیان لە برینی ئەنفالەوە بۆ مۆڵگەی پارە سپیکردنەوە کە بە خاکی قوربانییانی ئەنفال و سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوە دەناسرێت، شایستەی ئەوە بوو دوای ئەو هەموو ئازارە بکرێتە بەهەشتێکی ئاوەدان".
لە کۆتایی وتارەکەیدا شیرین ئەمین دەشڵێت"هاتنی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان نەک هەر جێگەی پێشوازی نییە بەڵکو مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە ئەبوو خەڵکی گەرمیان بە توندی دەریان بکردایە و ڕێگەیان نەدایە بە شانۆگەریی خزمەت سووکایەتی بە عەقڵ و شکۆیان بکرێت. دەسەڵاتێک کە غەدری لە خاکی گەرمیان و فەرمانبەرانی کردبێت تەنها شایستەی ڕەتکردنەوە و دەرکردنە".
شیرین ئەمین، ناسراو بە شیرین کاوە گەرمیانی یەکێکە لە رزگاربوانی جینۆسایدی ئەنفال و هاوژینی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانیە و پیشەی مامۆستایە و لە ساڵی ٢٠١٨ توانی ببێت بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان و دوای کۆتایی هاتنی پیشەی پەرلەمانتاریەکەی گەرایەوە بۆ سەر پیشەکەی خۆی و خانەنشینی پەرلەمانی رەتکردەوە.
تەواوی وتارەکەی شیرین ئەمین:
شانۆگەریی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان خزمەت یان تاڵانکاری؟ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بە پێشوازییەکی سارد و لێوانلێو لە توڕەیی خەڵکەوە پێی ناییە خاکی گەرمیان خاکێک کە ساڵانێکە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا تەنها غەدر و پشتگوێ خستنی بەردەکەوێت. هاتووە بە جۆرێک قسە دەکات وەک ئەوەی منەتی بەسەر خەڵکی ئەم دەڤەرەدا هەبێت و خزمەتگوزاری پێشکەش کردبن لە کاتێکدا زەوییەکانی گەرمیان بوونەتە قوربانیی دەڵاڵەکانی قوباد و پڕۆژە سەکەنییەکان وەفەرمانبەران و هاووڵاتیانی شایستەی گەرمیان ساڵانێکە چاوەڕوانی پارچە زەوییەکی باش دەکەن، بەڵام پاش فشاری مامۆستایان و چالاکوانان کەدوا دەرفەتیان دایە لایەنە پەیوەندی دارەکان گەر پرۆسەی زەوی دابەشکردن لەگەرمیان دەستپێنەکات ئەوە وەلامیان دەبێت ھەربۆیە تەنها «ژمارەی هەوایی» دوایی ساڵانێکی زۆر تازە بە تازە لە دووری شارەوە لەبەر خاتر پرۆژەکانی خۆیان هاتوون زەویان دیاری کردووەو کە گوایە بەم نزیکانە دابەشی دەکەن!.
ئەمەش بانێکەو دوو هەوا، لەکاتێکدا هەرچی تەپ و گرد و زەوی ستراتیژیی گەرمیان هەیە لە ڕێگەی دەڵاڵ و پیاوەکانی قوباد تاڵەبانییەوە کراونەتە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بازرگانی (سەکەنی)هەرچی خراپیش هەیە بۆ میللەت، زەویی کە مافی ڕەوای خەڵکی کەم دەرامەتە کراوەتە کەرەستەی دەوڵەمەندبوونی تاقمێکی بازرگان و دەستڕۆیشتوو کە لەژێر چەتری دەسەڵاتی جێگری سەرۆک وەزیراندا کار دەکەن!! لەکاتێکدا وێرانیی ڕێگاکان و گرانیی سووتەمەنی لە سێبەری داهاتی «پەروێزخان»دا ، گەرمیان خاوەنی یەکێک لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین دەروازە سنوورییەکانە کە مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخانە،کەچی ڕێگاوبانەکان و کەرتی پەروەردەو کەرتی تەندروستی وێرانەن هێشتا نەخۆشخانەمان هەیە هی سەردەمی عبدالکریم قاسمە!.
هاتوە باسی خۆشویستنی خەڵکی گەرمیان دەکات بێ گومان بۆ نا چوون خاکەکەی چەورو پڕ لە پارەیە بۆتان، پاشان باسی دانیشتن دەکات لەگەڵ وەبەرهێنان ئەمەشیان بۆنا چوون بەرهەمی باشی هەبووە بۆتان کەس گومانی نیە لەوە کاکی جنتا هەڵگر، گەرمیان لە برینی ئەنفالەوە بۆ مۆڵگەی پارە سپیکردنەوە کە بە خاکی قوربانییانی ئەنفال و سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوە دەناسرێت، شایستەی ئەوە بوو دوای ئەو هەموو ئازارە بکرێتە بەهەشتێکی ئاوەدان. بەڵام دەسەڵاتدارانی یەکێتی و لە سەرووشیانەوە قوباد تاڵەبانی ئەم دەڤەرە خێرنەدیوەیان کردووەتە شوێنێکی بێدەنگ بۆ پارە سپیکردنەوە و کۆکردنەوەی سەرمایە لەسەر حسابی خوێن و قوربانیدانی خەڵکی ڕەسەنی گەرمیان.
هاتنی قوباد تاڵەبانی؛ لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە لە ڕێگەی جەنابیان و وە یەکە ئیدارییەکانی گەرمیانو ئیدارەی گشتی یەکێتیەوە ڕێگرن لەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران سودمەند بن لە وەرگرتنی زەویی.،بۆیە هاتنی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان نەک هەر جێگەی پێشوازی نییە بەڵکو مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە ئەبوو خەڵکی گەرمیان بە توندی دەریان بکردایە و ڕێگەیان نەدایە بە شانۆگەریی خزمەت سووکایەتی بە عەقڵ و شکۆیان بکرێت. دەسەڵاتێک کە غەدری لە خاکی گەرمیان و فەرمانبەرانی کردبێت تەنها شایستەی ڕەتکردنەوە و دەرکردنە.