لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆمەڵێک ڕێنمایی
بەپەلە و توندی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە
لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سنووری پارێزگای سلێمانی.
ئەم بڕیارە دوای دەستپێکردنەوەی گەڕی سێیەمی جەنگی نێوان ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دێت، کە بەهۆی هەستیاریی پێگەی جوگرافیی هەرێمی
کوردستانەوە، سەندیکاکە پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە و ژیانی هاووڵاتییانی وەک هێڵی
سوور دیاریکرد و سەرپێچیکردنی لە پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکان بە شکاندنی بەرپرسیارێتیی یاسایی
لەقەڵەمدا.
سەندیکاکە لە ڕێنماییەکانیدا قەدەغەی تەواوی خستووەتە سەر ڕووماڵکردنی
ڕاستەوخۆی شوێنی بۆردومان، تەقینەوە و کەوتنەخوارەوەی درۆن یان مووشەکەکان، تا ئەو
کاتەی لایەنە بەرپرسەکان پشکنینی تەواوی بۆ دەکەن، بەو پێیەی بڵاوکردنەوەی خێرای وێنە
و ڤیدیۆی شوێنە زیانلێکەوتووەکان یان دیاریکردنی جوگرافیای ڕووداوەکە دەبێتە
چاوساغیی سەربازی بۆ لایەنە شەڕکەرەکان.
هاوکات داوا کراوە میدیاکان لە دروستکردنی کۆبوونەوە، قەرەباڵغی
و سازدانی چاوپێکەوتن لەو شوێنانەدا دووربکەونەوە کە دەبنە ناوچەی جەنگ و مەترسی لەسەر
ژیانی تیمەکان و هاووڵاتییان دروست دەکەن.
لەسەر ئاستی بڵاوکردنەوەی زانیاریش، لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان
ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە وتاری میدیایی هاوتەریب بێت لەگەڵ ستراتیژی
پاراستنی وڵاتدا و تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان و لێدوانی وتەبێژانی دامەزراوە
ئەمنییەکان ببەسترێت.
ڕێنماییەکان
داوا لە سەرجەم میدیاکاران دەکەن کە بە توندی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ، هەواڵی
چەواشەکارانەی بێبنەما و هەر زانیارییەکی سەربازی و ئەمنی بپارێزن، چونکە بڵاوکردنەوەی
ئەو جۆرە بابەتانە لەم بارودۆخە نائاساییەدا ڕاستەوخۆ ئاسایشی نیشتمانی و ناوخۆیی فەراهەمکراو
دەخاتە ژێر هەڕەشەیەکی جدییەوە.