وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' بەمزووانە پڕۆژەی "تاکسیمیتەر" بە شێوازێکی ئەزموونی و تاقیکاری لە سەنتەری هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکرای کرد، لە هەرێمی کوردستاندا ٧١ هەزار تاکسیی تۆمارکراو هەن کە سەرجەمیان لە چوارچێوەی ڕێنمایی و بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنەوەدا کار دەکەن و ئەم پڕۆژە نوێیەش قۆناغ بە قۆناغ دەیانگرێتەوە.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییاندایە، چونکە هاوکارێکی سەرەکی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی کرێی گواستنەوەی گشتی بە شێوازێکی زانستی و دادپەروەرانە کە مافی سەرنشین و شۆفێریش بپارێزێت.