سێنتکۆم: قۆناخێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان ئەنجامدا

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، قۆناخێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی تەموزی ٢٠٢٦، لە پلاتفۆڕمی ئێکس فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەیدا؛ درەنگانی شەوی رابردوو قۆناخێکی نوێی هێرشی کردە سەر ئێران و لەو هێرشانەدا هێزەکانیان چەندین شوێنی ستراتیژییان کردووەتە ئامانج، لەوانەش، بنکەکانی چاودێریی دەریایی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی موشەک و درۆن، بنکەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

سێنتکۆم رایگەیاند، ئەم هێرشانەی ئەمریکا وەک وەڵامێکە بۆ ئەو پەلامارانەی کە لە ١٧ی تەممووزدا لە ئوردن کرانە سەر سەربازانی ئەمریکا. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن؛ مەبەستیانە بەم هێرشانە توانای سەربازیی ئێران لاواز بکەن.

لای خۆیەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، لە هێرشەکانی پێشتری ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن، دوو سەربازی ئەمریکی کوژراون کە پێدەچێت بە موشەکی بالیستی پێکرابن، هەروەها لە ماوەی تەنیا ٥ رۆژدا، ٤ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بووەتە هۆی برینداربوونی دەیان سەرباز و تێکشکانی چەندین هێلیکۆپتەر، لەگەڵ یەکێک لە مووشەکە ئێرانییەکان توانیویەتی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی تێپەڕێت و راستەوخۆ لە شوێنی حەوانەی سەربازەکان بدات لە بنکەی ئاسمانیی مەلیک فەیسەڵ.

ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەیان پێکراوە و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و مەترسییەک.

لە لایەکی ترەوە سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند؛ لە رێگەی درۆنی خۆکوژی دوو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکایان لە خاکی کوەیت کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کە ئەمریکا کردوویەتیە سەر خاکەکەی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئێران کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکان بەرفراوان بوون و ئامانج لێیان پێکانی چەند خاڵێکی ستراتیژی بووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ درۆنەکان کۆگایەکی چەک و سوپای ئەمریکایان لە بنکەی ئەدەیرع "بیورینگ" پێکاوە، کە دەکەوێتە بیابانی باکووری رۆژئاوای کوەیت.

هەروەها سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هێرشێکی دیکەدا بنکەی ئاسمانی عەلی سالمیان لە کوەیت کردووەتە ئامانج و تێیدا سیستەمی راداری پاتریۆت و راداری چاودێریی ئاسمانیی ئەو بنکەیەیان پێکاوە.




AM:08:54:19/07/2026