هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی
پێوانەیی و توندی گەرما، وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆمەڵێک ڕێنمایی بەپەلەی بۆ
پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکانیان بڵاوکردەوە.
ئەم ڕێنماییانە بە سەرپەرشتی حوسێن عەوادی (بریکاری وەزارەت)
و لەلایەن فەریق عودەی سەمیر حەسانی (بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عێراق) دەرکراون، بە
مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لەم گەرما بەهێزەدا.
٦ ڕێنماییە سەرەکییەکەی
هاتوچۆ بۆ شۆفێران:
١. پشکنینی مەرجەکانی توندوتۆڵی
شۆفێران دەبێت بەردەوام پشکنینی خولی بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن
و دڵنیاببنەوە لە ڕەوشی گشتی شیاوی ئۆتۆمبێلەکە.
٢. چۆڵکردنی ئۆتۆمبێل لە ماددە
گڕگرتووەکان
هۆشداری توند دەدرێت لە جێهێشتنی (موعەتەر، غازی سەفەری، چەرخ،
پاتری، یان هەر شلەمەنییەکی تر کە توانای گڕگرتنی هەبێت) لەناو ئۆتۆمبێلدا، بەتایبەت
کاتێک لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردایە.
٣. ئامادەکردنی ئاگرکوژێنەوە
دڵنیابوونەوە لە کارکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوە و دانانی لە
شوێنێکدا کە لە کاتی پێویستدا شۆفێر یان تیمەکانی فریاگوزاری بەئاسانی دەستیان پێی
بگات.
٤. چاودێریکردنی تایەکان
پێویستە بەردەوام پشکنین بۆ تایەکان بکرێت و پەستانی هەوای
ناوەکەیان بەپێی پێوەری گونجاو ڕێکبخرێت، بۆ ئەوەی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە
نەتەقن.
٥. کڕینی بەنزین لە شوێنی فەرمی
پڕکردنی سوتەمەنی و غەسلی ئۆتۆمبێل تەنها لە وێستگە فەرمی و
بنەڕەتییەکان بێت و بە هیچ شێوەیەک سوتەمەنی لە فرۆشیارانی سەر شەقامەکان نەکڕدرێت.
٦. کۆنتڕۆڵکردنی ئاو و ڕۆن
چاودێریکردنی بەردەوامی ئاستی ئاوی ڕادێتەر و ڕۆنی بزوێنەر
(مەکینە) بۆ ڕێگریکردن لە داغبوونی زیاد لە پێویستی بزوێنەر و پاراستنی توانای
کارکردنی.
ڕەوشی کەشوهەوا: بەرەو هێڵی سوور
بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی کەشناسی عێراق، هەرچەندە پلەکانی گەرما
لە هەرێمی کوردستان هێشتا تا ڕادەیەک جێگیرن، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و
باشووری عێراق تینی گەرما گەیشتووەتە ٤٩ بۆ ٥١ پلەی سیلیزی.
شەپۆلە گەورەکە لە ڕێگایە: شارەزایانی کەشناسی هۆشداریدەدەن
کە لە ڕۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی زۆر بەهێزتر سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تینی گەرما بگاتە لوتکە و ٥٥ پلەی سیلیزی
تێپەڕێنێت.