سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، بابان ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان شێوازی دابەشکردنی غازی ماڵانی ئاشکراکرد، لە هەمان کاتدا سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای هەڵەبجە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی رێکارەکانی دابەشکردنی غازی لە سنورەکەیان کرد.
یەک شەممە، ١٩ تەمووز ٢٠٢٦، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند " لە ئەمڕۆوە پرۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان بە کۆبۆنی خۆراک دەستپێدەکات، هەر ئۆتۆمبێلێکی دابەشکردنی گاز، چووە گەڕەکەکان گاز بەسەر ماڵاندا بەبێ جیاوازی دابەشدەکات، بەڵام کۆبوونی خۆراک وەردەگیرێت و مۆرێک دەدرێت لە کۆبۆنەکە".
سەبارەت بە نرخی هەر بوتڵێک ، سەرۆکی لیژنەی قایمقامیەت وتی "نرخی بووتڵی غاز نەگۆڕاوە و بریکارەکانی دابەشکردنی گاز بە ٨٥٠٠ دینار بوتڵێک غاز دەدەنە ماڵان، لەم قۆناخەشدا هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵ گازی پێ دەدرێت".
قایمقامی قەزای هەڵەبجە، سمکۆ سالار دەڵێت "بۆ رێگری لە قۆرخکاری و دادپەروەری لە دابەشکردندا، شێوازی دابەشکردنی غازمان گۆڕیوە، پێشتر غاز بەپێی کۆبۆنی خۆراک دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا کراوەتە پسوولەی نەوت و بەپێی ئەم سیستەمە، هەر ماڵێک تەنیا یەک بوتڵ غازی پێدەدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان سوودمەند بن".
بەهەمان شێوەی سلێمانی لە هەڵەبجەش نرخی بوتڵی غاز جێگیرە و قایمقام ئاماژەی بەوەکردوە کە "نرخی فەرمی بوتڵێک غاز ٨٥٠٠ دینارە، چاودێرییەکی وردی بازاڕیش دەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکەین".
لە پارێزگای سلێمانی ئەو خێزانانەی کۆبۆنی خۆراکیان نییە، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەت داوا دەکات "ئەو خێزانانە دەتوانن سەردانی قایمقامیەتی سلێمانی بکەن، بۆ ئەوەی لەوێ پشتگیرییان بۆ بکرێت، بۆ ئەو خێزانانەشی کە تازە هاوسەگیرییان کردووە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک بکەن بۆ دروستکردنی پسووڵەکانیا".
رۆژی ١٦ تەمووز ٢٠٢٦، کۆمپانیای دانە غاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە.