٩ حیزبی ڕۆژاوای کوردستان هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات مەحکووم دەکەن

٩ حیزب و لایەنی سیاسی لە ڕۆژاوای کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هێرشە مووچەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی مەحکووم کرد و بە تاوانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی وەسفیان کرد

ئەو لایەنە سیاسییانەی ڕۆژاوا ڕایانگەیاندووە'' ئەم پێشهاتە سەربازییە تەنیا پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو ئامانج لێی لەنێوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە و داواشیان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە بێدەنگییەکەی بشکێنێت و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی ئاسمان و سنوورەکانی جێبەجێ بکات.''

حیزبەکانی ڕۆژاوای کوردستان ڕوویان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئامادەکراو لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی سڤیل و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

ئەو لایەنە نیشتمانییانەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە پێکهاتوون لە حیزبی گۆڕانی دێموکراتی کوردستان، حیزبی برایەتیی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، بزووتنەوەی نوێبوونەوەی کوردستان، حیزبی تێکۆشانی کوردستان، حیزبی یەکێتیی ئەرمەنی، حیزبی لیبراڵی کوردستان، حیزبی چەپی کوردی لە سووریا و حیزبی پارێزگارانی کوردستان.

ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە بەهۆیەوە نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.



PM:08:45:19/07/2026