کۆمپانیایەکی نەوتیی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان راگرت

کۆمپانیای گوڵف کیستۆن پترۆلیۆم ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەموز ڕاگرتنی کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ پەرەسەندنەکانی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە گەڕاندەوە.

کۆمپانیاکە کە یەکێکە لە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "وەک ڕێکارێکی سەلامەتی بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی بەرهەمهێنانمان ڕاگرتووە و ئەم هەنگاوەشمان هاوشێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوتە کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن."

هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە دامەزراوە و سامانەکانی کۆمپانیاکە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە و پێش دەرکردنی ئەم بڕیارەش، کۆی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان زیاتر بووە لە ٤٥ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

لە کۆتاییشدا کۆمپانیاکە ڕوونیکردووەتەوە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە کاتی گونجاودا پێشهاتی نوێ بڵاودەکەنەوە.




AM:11:12:20/07/2026