پۆلیس نووسینگەی NRT لە هەولێر بەهۆی نەدانی کرێ داخست

لە سەروبەندی ئاڵۆزییە بەرپابووەکانی سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ململانێ دارایی و سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر جێبەجێکردنی بڕیارێکی دادگای ڕاگەیاند، بۆ چۆڵکردنی بینای نووسینگەی کەناڵی ئێن ئارتی لە هەولێر، ئەمەش دوای ئەوەی خاوەنی بیناکە سکاڵای لەسەر کەناڵەکە تۆمار کردبوو بەهۆی نەدانی کرێی چەندین مانگی ڕابردوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پۆلیسی هەولێر، پرۆسەی چۆڵکردنەکە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی لێکۆڵەری دادی و بەڕێوەبەری نووسینگەی کەناڵەکە جێبەجێ کراوە و بیناکە کە دەکەوێتە گەڕەکی نازناز ڕادەستی خاوەنەکەی کراوەتەوە، پۆلیس جەختیشی کردووەتەوە کە ڕێکارەکان بە تەواوی لە چوارچێوەی یاسا و فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەدا بوون.

ئەم بڕیارە و خێرایی لە جێبەجێکردنی لە کاتێکدا جێگەی سەرنج و پرسیاری چاودێرانە کە بڕیاری چۆڵکردنەکە تەنیا چوار ڕۆژ دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە لە ١٦ی تەممووزدا جێبەجێ کراوە، خێراییەک کە لە کەیسی دادوەریی شارستانی و کێشەکانی کرێدار و خاوەن موڵک لە دادگاکانی هەرێمدا کەمی وێنەیە و زۆرجار مانگانێک یان ساڵانێک دەخایەنێت.

لە بەرامبەردا، هەندێک لە چاودێران ئەم هه‌نگاوە وەک گوشارێکی بەردەوامی سەر میدیای ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ لە پایتەخت دەبینن، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کێشەکە تەنیا ڕەهەندێکی یاسایی و دارایی هەیە و پێویستە دامەزراوە میدیاییەکانیش هاوشێوەی هاووڵاتییان پابەندی مافی خاوەن موڵک و یاساکانی کرێداری بن.

پەیوەست بەم بابەتەوە سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ڕێکارەکانی داخستن و گواستنەوە و دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی ئۆفیسی ئێن ئارتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە ڕەتکردەوە.

 داوای کرد کە بە یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکرێت نەک بە بڕیاری سەروو کە دیار نییە لە کوێوە دەردەچێت، هاوکات داواشی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد پابەندی تەواوی بەندەکانی یاسای ڕۆژنامەگەری و ئیتیقی پیشەیی بن.

لەلایەکی دیکەوە هێرش قادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری ئێن ئارتی ئاشکرای کرد کە دوێنێ لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادار کرابووەوە تا ئەمڕۆ ئامادە بێت بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانی نووسینگەکەیان، بەڵام لە بڕی ڕادەستکردنەوە هێزەکانی ناوخۆ بە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە تەواوی کەلوپەلەکانی ئۆفیسەکەیان لە کامێرا، مایکی دەنگ، میکسەر، سپلیت، کۆمپیوتەر و کەلوپەلەکانی دیکە بارکردووە و گواستوویانەتەوە.





PM:10:54:20/07/2026