وەزارەتی پێشمەرگە کاتی دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانانی ڕاگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٦ خرایە سەر هەژماری وەزارەت و وادەی دابەشکردنەکەی دیاری کرا.''

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) مەرج و ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواو کردووە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە بکرێت.

ئەم هاوکارییە داراییەی هاوپەیمانان وەک پشتیوانییەک دەدرێت بۆ پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، ناردنی ئەم پشتیوانییە داراییە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە و هاوکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، زیاتر لە ٩٧٪ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن.



AM:09:53:21/07/2026