پارێزگاری هەولێر: بەنزینخانەکان پابەندکراون بە کەم کردنەوەی نرخی بەنزین

پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا میکانیزمی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین خستەڕوو، هاوکات ڕوونکردنەوەی توندی لەسەر بڕیاری داخستن و چۆڵکردنی نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر دا.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦ ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند'' دوای بڕیارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نرخی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی کرا بە ٧٥٠ دینار و بەنزینی بازرگانیش بۆ ٨٥٠ دینار دیاری کرا.''

جەختیشی کردەوە، بەشی هەرە زۆری ٢٦٦ بەنزینخانەکەی هەولێر تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە و لیژنەی باڵای چاودێری مەیدانیش بەردەوام دەبێت و هەر شوێنێک قۆرخکاری یان سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی سووتەمەنی زیاد دەکات و لە پلاندایە دابەشکردنی بەنزین بێتە سەر سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دۆسیەی ئێن ئاڕ تی جەختی کردەوە داخستنی کەناڵەکە بڕیارێکی سیاسی یان حزبی نییە، بەڵکوو دوای پێشێلکاریی بەردەوام و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی و بە بڕیاری دادگا بووە.

سەبارەت بە چۆڵکردنی باڵەخانەکەش ڕوونی کردەوە خاوەنی ملکەکە بەهۆی نەدانی کرێی چەندین مانگەوە پەنای بۆ دادگا بردووە و پۆلیسی هەولێریش تەنیا فەرمانی دادوەریان بۆ چۆڵکردن و ڕادەستکردنەوەی ملکەکە جێبەجێ کردووە.





AM:10:39:21/07/2026