پارێزگاری سلێمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاند'' پارێزگای سلێمانی بە تەواوی پابەندە بە بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزینی حکومی''
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک بڕی پێویست لەلایەن حکومەتەوە گەیشت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت و بە نرخی فەرمی دەفروشرێت.
سەبارەت بە بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی ڕوونی کردەوە کە پاڵاوگە گەورەکان لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا ئەو نرخە دیاری دەکەن. جەختیشی کردەوە کاتێک بڕی پێویست بە دابینکردنی کۆوالێتی و پاراستنی مافی بەنزینخانەکان بگات، بەنزینی بازرگانی بە ٨٥٠ دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.
هاوکات، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش دا کە دەرگا واڵایە بۆ هاوردەکردنی بەنزین و سووتەمەنی لە دەرەوەی هەرێم، بە مەرجێک پابەندی ستاندارد و کۆوالێتییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت و لە ژێر چاودێریدا بفرۆشرێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە فەرمانێکدا نرخی لیتری بەنزینی حکومیی بە ٧٥٠ دینار و بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیی بە زۆرترین نرخ کە ٨٥٠ دینار بێت دیاری کرد.