شاندی ئیمرالی لە راپۆرتی دیدارەکەیدا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان
ئاشکرایدەکات کە سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە هاوپەیمانیی
مێژوویی کورد و تورک لە ئانوساتی گواستنەوەدایە سەر زەمینەیەکی یاسایی.
شاندی ئیمڕاڵی سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم
پارتی)، کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، ئۆزگور فایق ئەرۆڵ و مەدحەت سنجار، دوای کۆبوونەوەیەکی
٥ کاتژمێری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان،
ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی ناوەرۆکی گفتوگۆکان و پەیامی ئۆجەلان بڵاو کردەوە.
لە دیداریەکەدا پێشهاتە سیاسییەکان، پرۆسەی ئاشتی، بونیاتنانی
کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بە یاساییکردنی پرۆسەکە تاوتوێ کراون.
عەبدوڵا ئۆجەلان جەختی لەسەر بەردەوامیی پابەندبوون بە بانگەوازی
٢٧ی شوبات کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی یاسای خوشک و برایەتیدا.
ئۆجەلان
ئاماژەی بەوە کردووە، هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک لە ئانوساتی گواستنەوەدایە
بۆ سەر زەمینەیەکی یاسایی و جەختی کردووەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە بوار بۆ چوارچێوەیەکی
یاسایی بڕەخسێنرێت تاوەکو ڕێگە لە هەڵوێستە تەسکەکان بگرێت و زەمینەی ژیانی هاوبەش
بونیات بنرێت.
ئۆجەلان بە پێویستی زانیوە پرۆسەی یاسایی لە سەر بنەمای ڕاپۆرتی
لێژنەی هاوکاریی نیشتمانی، خوشک و برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا دەست پێ
بکات، تاوەکو چەک و ململانێکان بە تەواوی وەلانێنرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی یاساییەوە
دەستەبەری هەمیشەیی بۆ هاوپەیمانیی کورد و تورک دابین بکرێت و یاسای نەرێنی بگۆڕدرێت
بۆ یاسای ئەرێنی، بە مەبەستی گەیشتن بە کۆمارێکی دیموکراتیک، کە تێیدا ژیانی یەکسان
و ئازاد مسۆگەر بێت.