لە ٦ مانگی رابردوودا زیاتر لە ٢٣٠ هاوڵاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" لە ڕاپۆرتێکی گشتگیردا ئاماری پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶دا بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم ماوەیەدا هەزار و ٤٣١ حاڵەتی ڕاستەوخۆی پێشێلکردنی مافی ژیان، ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردن تۆمار کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا ناسنامەی ٢٣١ هاوڵاتیی کوژراوی کورد (لەوانە ۱۵ ژن و ۲۰ منداڵ) پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم شەهید کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا ٣٠ هاوڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و ٦٥٤ کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون کە بەرەوڕووی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دانپێدانانی زۆرەملێ بوونەتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە میلیتاریزەکردنی شارەکان و بەکارهێنانی زیاتر لە ٤٠ بنکەی گشتی و مەدەنی لەوانە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان وەک قەڵغانی مرۆیی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی شەڕ و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە هاویشتنی زیاتر لە ٨٣٠ موشەک و دڕۆن، ٢٠ کەس (لەوانە پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنی) شەهید بوون و کەمپەکانیش وێران کراون.

لە بەشی قوربانییانی مین و کۆڵبەرانیشدا، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە لەم شەش مانگەدا ٢ هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بوونەتە قوربانی (٢ کوژراو و ٤ بریندار).

کوردپا جەخت دەکاتەوە کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، کۆی گشتیی ٢ هەزار و ٦١٣ کۆڵبەر و لە ١٤ ساڵی ڕابردووشدا ٤٨٣ هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.




PM:04:06:21/07/2026