وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی: بە گەیشتنی بەنزین نرخەکەی دادەبەزێت

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ ئەمڕۆ لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا نرخی لیترێک بەنزین بگاتە ٨٥٠ دینار.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئاشکرای کرد کە جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ ئەمڕۆ لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە.

ئەو ڕایگەیاند کە سووتەمەنی پێویستە لە پاڵاوگەی لانازەوە بگوازرێتەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکان.

شێخ قادر وتیشی: "چاوەڕوانین بەنزین بە نرخێکی جێگیر، وەک لیترێک بە ٨٢٠ دینار بدرێت بە بەنزینخانەکان، ئەوانیش بە ٨٥٠ دینار بە هاوڵاتییانی بفرۆشن." هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا بڕیارەکە لە هەموو بەنزینخانەکان جێبەجێ نەکراوە، چونکە هەندێک هاوڵاتی سوتەمەنییان بە نرخی خۆیان کڕیوە و دەیفرۆشنەوە، نەک بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت.

پڕۆسەکە پێویستی بە کات هەیە و هەرکات سوتەمەنی بگات بە بەنزینخانەکان، بڕیاری دابەزاندنی نرخەکە جێبەجێ دەکرێت.




PM:06:06:21/07/2026