سیامەند موعینی: گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و ئیسرائیلە

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەڵێت'' بەدووری دەزانێت واشنتن یان تەلئەبیب دەستبەرداری ئامانجی ستراتیژیی گۆڕینی ڕژێمی ئێران ببن بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی تورکیاوە.''

سیامەند موعینی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند'' سەرەڕای هەندێک ناکۆکیی تاکتیکی، بەڵام گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران هێشتا ئامانجێکی هاوبەش و ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیلە و واشنتن لەم پرسانەدا فەرمان لە تورکیا وەرناگرێت.''

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنقەرە لە هەوڵدایە ئاژاوە لە نێوان کورد و ئازەرییەکان دروست بکات، کە ئەگەر سەرکەوتوو بێت کارەسات ڕوودەدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موعینی باسی لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاران کرد و ئاشکرای کرد، ڕژێمی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٣٦ زیندانیی کوردی لەسێدارە داوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا لە مانگی ڕابردوودا یەکەیەکیان لە نزیک مەهاباد کەوتووەتە بۆسەی هێزەکانی ئێران و دوای ١٠ کاتژمێر شەڕ، چوار گەریلایان شەهید بوون.

پەیوەست بە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە، موعینی ڕوونی کردەوە کە ئەوان وەک هاوپەیمان لەژێر چەتری کەجەکەدان، بەڵام هەر لایەنێکیان پێکهاتە و ئامانجی سیاسیی سەربەخۆی خۆی هەیە و لە ئێستاشدا ئێران نەیاری سەرەکیی پژاکە.

هاوکات جەختی کردەوە لە پێشوازیکردن لە هەر پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی کە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی تۆتالیتاری ئێران بێت بۆ سیستەمێکی دیموکراتی، بەو مەرجەی مافە نەتەوەییەکانی کوردی تێدا پارێزراو بێت.



PM:02:11:22/07/2026