حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری نوێ دەرکرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری لەسەر کۆمەڵێک ئاسانکاری و ڕێنمایی نوێ دا، لەوانە داشکاندنی ٥٠٪ بۆ قەرزی کارەبا، درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی سزای هاتووچۆ و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ‌مووچەی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆبووەوە و بڕیاری دا بە داشکاندنی ٥٠٪ بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا لەسەر هاونیشتمانییان پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی.

لە کۆبوونەوەکەدا لێخۆشبوونی ٢٠٪ی سزای هاتووچۆ تاوەکو ٣١ی ١٢ی ئەم ساڵ درێژ کرایەوە، هاوکات بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین پەسند کران.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، ڕێنمایی نوێ بۆ مۆڵەتی بێ‌مووچە پەسند کران کە بەپێیان فەرمانبەرانی ئاسایی دەتوانن بۆ پێنج ساڵ مۆڵەت وەربگرن و تا کۆی گشتیی ١٠ ساڵ درێژەی پێ بدەن، بەڵام بۆ مامۆستایان، پزیشکان و دەرمانسازان تەنیا دوو ساڵ دەبێت.

جەختیش کرایەوە کە ئەو مۆڵەتەی لە دوای ١٨ی ٦ی ٢٠٢٠ەوە وەرگیراوە وەک خزمەت هەژمار ناکرێت.

سەبارەت بەو فەرمانبەرانەشی لە دەرەوەی وڵاتن و ماوەی مۆڵەتەکەیان تەواو بووە، حکومەتی هەرێم هۆشداریی دا کە ئەگەر نەگەڕێنەوە و دەستبەکار نەبنەوە، کۆتایی بە راژەکەیان دەهێندرێت.



PM:04:28:22/07/2026