حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی ‌هێرشەکان دەکات

‌وێنەیەک لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆیان بڵاو کردوەتەوە کە تیایدا سەرکۆنەی هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر هەرێم دەکات و چەند پرسێکی دیکەش گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە.

چوار شەممە، ٢٢ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە کە "لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئامانجی تێکدانی نەک تەنیا سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە".

"ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچە و هەمیشە هەوڵی داوە وەک فاکتەرێکی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە داوای کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانەی کرد"، لە راگەیاندراوەکەدا وا هاتووە.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و رێکارەکانی حکومەت بۆ دابەزاندنی نرخەکە لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە هەموو ڕێکار و هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاسانکاریی پێویست لەم ڕووەوە پێشکەش بکەن بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە سووتەمەنی و ڕێگرتن لە هەر ڕێکارێک کە ببێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان".

راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکردوە کە "ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەی٪٢٠ ی سزاکانی هاتوچۆ لە ١ تەمووزی ٢٠٢٦ تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦، ئەمەش بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاوڵاتییان و ئاسانکاری بۆ پاکتاوکردنی ئەو بڕە پارانەی لە ئەستۆیانە".

ئەنجومەنی وەزیران "لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کوالیتیی بەنزین بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت".

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، "ڕێژەی ٪٥٠  داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەکرێت، هەروەها ڕێژەی ٪٢٥  داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەدرێت، بەمەبەستی هاندانی هاوبەشان بۆ پاککردنەوەی قەرزە ".




PM:08:43:22/07/2026