سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: یاسایەکی نوێ بۆ "تورکیای بێ تیرۆر" دەردەکەین

‌سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کاتی کۆنفرانسی رۆژنامەوانیەکەی ئەمڕۆدا

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش،  لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی شەش پارتی سیاسیی خاوەن فراکسیۆنی لە پەرلەمان خستەڕوو و دەڵێت "دوای ئەوەی پەکەکە ئیرادەی خۆی بۆ دانانی چەک نیشاندا، ئێستا قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە".

چوار شەممە، ٢٢ تەمووز ٢٠٢٦، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"،  کە دەسەڵاتدارانی توکیا پێی دەڵێن "تورکیای بێ تیرۆر" رایگەیاند " بۆ گەیشتن بە تورکیایەکی بێ تیرۆر  و کۆتاییهێنان بە چەک، پێویستمان بە رێکارێکی یاسایی نوێ هەیە، ئەم یاسایە بە هیچ شێوەیەک لێبووردنی گشتی یان لێبووردنی کەسی لەخۆ ناگرێت، لەم پڕۆسەیەدا پێویستمان بە چاوی سێیەم یان لایەنی دەرەکی نییە، چونکە پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان خۆیان چاودێر و جێبەجێکاری پڕۆسەکەن".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاساکان نوعمان کورتوڵموش روونیکردەوە کە یاساکە کاتی و تایبەت دەبێت بۆ ئەم قۆناغە و ئامانجی سەرەکیان بریتییە لە:

- دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە.
- کردنەوەی رێگەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە و کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری.
- بێ لێبووردن:  ئەمە وەک لێبووردنی گشتی یان لێبووردنی تایبەت بۆ کەسەکان هەژمار ناکرێت.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا هیوای خواست کە بتوانن  ئەم یاسایە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان، بە کۆدەنگیی نێوان پارتە سیاسییەکان پەسند بکرێت.




PM:09:27:22/07/2026