کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوویان بڵاوکردەوە و ئاماژە بە هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک و دابەزینی پلەکانی گەرما دەکەن.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، کەشوهەوا ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (١٠-٢٠ کم/ک) و ئاراستەکەی باکووری خۆرئاوا دەبێت، هاوکات مەودای بینین لەنێوان ٨ تا ١٠ کێلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرزتر دەبنەوە.
بۆ سبەی هەینی ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، کەشوهەوا بە هەمان شێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور و خێرایی و ئاراستەی با جێگیر دەمێنێتەوە. پلەکانی گەرما لە سەرەتای ڕۆژەکەدا نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، کە بەرزترین پلەی پێشبینیکراو لە گەرمیان ٤٧ پلە، هەولێر و هەڵەبجە ٤٤ پلە، و لە حاج ئۆمەران ٣١ پلە دەبێت.
هاوکات لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەک لە دەریای ناوەڕاستەوە، لە سبەی هەینییەوە کاریگەری سەرەتایی دەست پێ دەکات و پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکان ٢ تا ٣ پلە نزم دەبنەوە. لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە (٢٥ و ٢٦ی مانگ) کاریگەریی ئەم بارستە هەوا فێنکە زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا، شەپۆلێکی بارانبارین و تەرزە و هەورەبروسکە وڵاتی تورکیا دەگرێتەوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاوی لە هەندێک شوێندا هەیە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ٢٨ی مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکاتەوە، بەڵام بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان کاریگەریی ئەو شەپۆلە بەرامبەر بە پێشبینییەکانی پێشوو لاوازتر بووە.