کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە گەلی عەلی بەگ دادەنرێت

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، پڕۆژەی جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێریی تیژڕەوی "خاڵ بۆ خاڵ" لە رێگای گەلی عەلی بەگ بە شێوازی تاقیکاری بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

لەمبارەوە وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران رایگەیاند، شەش کامێرای نوێ لە سێ لۆکەیشنی جیاوازی رێگاکە، لە دەروازەی سۆرانەوە تا دەروازەی خەلیفان جێگیر کراون، جەختیشی کردەوە، خێرایی رێگەپێدراو لەم رێگایەدا تەنیا ٧٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، هەر شۆفێرێک لەم خێراییە لابدات، بەپێی رێژەی تیژڕەوییەکەی سزا دەدرێت و بڕی سزاکەش لەگەڵ زیادبوونی خێراییەکەدا قورستر دەبێت.

هاوکات دیلان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٤ رووداوی هاتوچۆی سەخت لەم رێگایەدا تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەو پێیەی گەلی عەلی بەگ ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری و بازرگانییە، پێویست بوو رێکاری توند بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان بگیرێتەبەر."

وتیشی "پێشتر بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر کامێرایەکی تۆمارکردنی کاتیمان دانا، لەو ماوە کورتەدا ٢٤ سەرپێچی تۆمارکران کە خێرایی ئۆتۆمبێلەکان لەسەرووی ٨٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بوو، بەڵام کاتێک کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ'مان بۆ ماوەی ١ رۆژ بە شێوەی تێست دانا، لە کۆی ٢٤١ ئۆتۆمبێل کە بەو رێگایەدا تێپەڕین، هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکرا و خێراییان لە ٦٤ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێنەپەڕی."




PM:02:30:23/07/2026