ئاوی ئەم گەڕەکانەی سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە

بە وتەی بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، دەستکراوە بە دانانى سێ پەمپى نوێ بۆ هێڵى دوەمى ئاوى دوکان - سلێمانى و بەتەواوبونى دابەشکردنى ئاو لەو گەڕەکانە ئاسایی دەبێتەوە کە ئێستا پێنج ڕۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" دەستکراوە بە دانانى سێ پەمپ لەسەر هێڵى دوەمى ئاوى دوکان-سلێمانى، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دانانى پەمپەکان تەواوبێت".

ئەوەشیخستەڕوو، بە دانانی ئەو پەمپانە دابەشکردنى ئاو لە گەڕەکەکانى (قڕگە، کازیوە، کۆمپانیاى نەوزاد، سێتوان، چیا، بەشێک لە چوارچرا و بەشێک لە گەڕەکى کوردسات) ئاسایی دەبێتەوە.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕونیشیکردەوە، بۆ ئەوەى کێشەى ئاو لە سلێمانى بە تەواوى چارەسەر بکرێت، پێویستە پڕۆژەى هێڵى سێیەمى دوکان-سلێمانى جێبەجێ بکرێت.




PM:12:33:24/07/2026