ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە،
دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو بڕوایەدان کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری
نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێچەوانەی عەلی خامنەیی باوکی، ئارەزوویەکی زیاتری
هەیە بۆ ئەوەی ئێران بێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.
ڕاپۆرتەکە کە ڕۆژی هەینی ٢٤ی تەموز بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە
دەکات دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێیان وایە موجتەبا خامنەیی و بەرپرسە توندڕەوەکانی
دیکە کە دوای کوژرانی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی پێشووی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئەمریکا
و ئیسرائیلدا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، هەوڵی پەرەپێدانی توانای دروستکردنی چەکی
ناوەکی پێشکەوتوو دەدەن.
زانیارییە هەواڵگرییەکان و ڕەوشی موجتەبا خامنەیی
بەپێی نووسراوی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی ئەمریکی جەختیان لەوە
کردووەتەوە کە زۆربەی زانیارییەکانی پەیوەست بە تێڕوانینەکانی موجتەبا خامنەیی دەگەڕێنەوە
بۆ پێش دەستپێکردنی جەنگ. ناوبراو لە یەکەم ڕۆژی جەنگە ٤٠ ڕۆژییەکەدا
بەسەختی بریندار بوو و لەو کاتەوە هیچ گرتە ڤیدیۆیی یان تۆمارێکی دەنگیی لەبارەیەوە
بڵاونەکراوەتەوە.
بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، موجتەبا خامنەیی هێشتا ئیدارەدانی
دەسەڵاتی لەدەستدایە، بەڵام هێشتا خاوەنی ئەو هەژموون و دەسەڵاتە ڕەهایە نییە کە
باوکی بۆ زیاتر لە ٣٦ساڵ وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەبوو.
نیویۆرک تایمز دەنووسێت: ئەنجامگیری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا سەبارەت
بە ئارەزووی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم، دەکرێت ببێتە
بەڵگەیەکی نوێ لە دەستی کۆشکی سپی بۆ زیاترکردنی گوشارە سەربازییەکان لەسەر تاران.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە
کە هیچ ئاماژەیەک لەسەر دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی بەرنامەی ناوەکیی ئێران نەبینراوە،
ئەگەرچی تاران دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی، هەندێک ڕێکاری
گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی کەرەستە و داراییە ناوەکییەکانی.
چەکی ناوەکی پێشکەوتوو و موشەکی دوورهاوێژ
هەروەها نیویۆرک تایمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە
ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی زانیارییەکانی پێش جەنگ، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا
گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە موجتەبا خامنەیی بەپێچەوانەی باوکی، دوودڵی کەمتر
بووە بەرامبەر بە دروستکردنی چەکی ناوەکی.
بەپێی نووسراوی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ئەمریکی پێیانوایە ڕێبەری
نوێی کۆماری ئیسلامی ئارەزووی دروستکردنی چەکێکی ناوەکی بەرهەمی سەرەتایی نییە، بەڵکو
زیاتر پشتیوانی لە پەرەپێدانی کڵاوەی ناوەکی پێشکەوتوو دەکات کە لە داهاتوودا رێگەی
بەستنیان لەسەر موشەکی دوورهاوێژ هەبێت.