قەیرانی کەمیی بەنزین لە هەولێر و دهۆک بەردەوامە

لە پاش بڕیارێکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، ماوە چوار رۆژە جۆرەکانی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک بە شێوەیەکی کەم دەستدەکەون و زۆربەی بەنزینخانەکان جەختدەکەنەوە کە بەنزینیان نییە. هەرچی سلێمانییە نرخەکەی وەک جارانە.

رۆژی چوارشەممە ٢٢ی تەموز، حکومەتی هەرێم بڕیاری لەبارەی نرخی نوێی جۆرەکانی سووتەمەنیەوە دەرکردو بەپێی نرخە نوێکە دەبێت نرخی بەنزین نۆرماڵ هەر لیترێک بە ٨٥٠ دینار بگاتە دەست هاوڵاتی، هەرچی بەنزینی جۆڕی موحەسەنە هەر لیترێکی بە ١٠٠٠ دینار بگاتە دەست هاوڵاتی، هەرچی بەنزینی سوپەرە هەر لیترێکی بە ١٢٠٠ دینار بێت.

بەپێی بە دواداچوونەکانی (سپی) لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زۆر بە زەحمەت بەنزین دەستدەکەوێت، زۆرێک لە بەنزیخانەکان نووسێنێکیان هەڵواسیووە کە بەنزینیان نییە، هەندێکیشیان ئاماژە بەوە دەکەن (بەنزینی جۆری نۆرماڵیان نییە).

خاوەن بەنزینخانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوردەکردنی لیترێک بەنزینی موحەسەن نزیکەی ١٥٠٠ دیناری لەسەر دەکەوێت، بەڵام حکومەت بەبێ دابینکردنی هیچ پاڵپشتییەک داوایان لێدەکات بە زیان بەنزین بفرۆشنەوە.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم بڕیاری دا کە بۆ هەر پارێزگایەک بڕێکی بەنزین بە نرخی داشکاو بنێرێت و لە راگەیاندنەکان بڵاوکرانەوە، بەلآم تا ئێستا نەک هیج کاریگەری دروستنەکردووەو نرخ دانەبەزیووە، بەڵکو بڕی بەنزینی تەواو و بەتایبەتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان دەستناکەون.





AM:10:51:25/07/2026