وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: لە ٪٨٥ قیرتاوکردنی رێگای نێوان سەنگاو بۆ دەربەندیخان تەواو بووە

‌وێنەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە بڵاوکراوەتەوە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە تەواوکردنی رێگای نێوان ناحیەی سەنگاو لە قەزای چەمچەماڵ بۆ قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی و ئاماژە بەوە دەکەن کە " پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی سەنگاو بۆ دەربەندیخان لە تەواوبووندایە".

شەممە، ٢٥ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە "پڕۆژەکە بە درێژایی ١٨  کیلۆمەترە و بە چوار قۆناخ بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی چەمچەماڵەوە جێبەجێ دەکرێت، لە دوو مانگی داهاتوودا رێگەکە بە فەرمی دەکەینەوە".

سەبارەت بە هەمان بابەت هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنەوەی رێگەوبانی چەمچەماڵ رایگەیاند "ئەو رێگایە ساڵی ١٩٧٥  دروستکرابوو ٢٥ کیلۆمەتری دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ١٨  کیلۆمەتری بە تەوای تێکچووبو، ئێستا ١٨  کیلۆمەترەکە قیرتاوکراوەتەوە".

رێگاکە یەک ئاراستەیە، لە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە دانیشتووانی نزیکەی ٥٠ گوند سوود لە رێگاکە وەردەگرن، جگە لە دانیشتووانی ناحیەی سەنگاو، قەزای دەربەندیخان و گوندەکانی دەوروبەری.




PM:05:35:25/07/2026