سامانە سروشتیەکان: بەنزیخانەکان تا ئێستا بەنزینی موحەسەنیان بە دوو هێندە قازانج فرۆشتووە


بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رێبین زەنگەنە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد کە "بەنزینی موحەسەن ٨٥٠ دینار دەكەوێت لەسەر بەنزینخانەكان و تا ئێستا بە دوو بەرامبەر فرۆشتوویانە".

شەممە، ٢٥ تەمووز ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی رووداو رایگەیاند "لیژنەكان چێكی چەند بەنزینخانەیەكیان كرد لە هەولێر كە نوسیویانە بەنزینمان نیە، لە کاتێکدا بەنزین لە خەزانەكانیان هەبوو،  بازرگانانی بەنزین ئیستغلالی نرخی بەنزین دەكەن لە بازاڕدا و  بەنزینی سوپەر هەمووی درووستكراوە لەناوخۆداو نازانین لەسەر چی بنەمایەك درووست دەكرێت".

"ئەمڕۆ ١ ملیۆن لیتر بەنزین لە هەولێر دابەشكراوە بەسەر بەنزینخانەكانی هەولێردا،  بەنزینی پاڵپشتیكراو بۆ سلێمانی هەمان شتە وەك هەولێر ١ ملیۆن لیترە و بڕی پێویستی بەنزین لە بازاڕدا هەیە"، رێبین زەنگەنە وا دەڵێت.

سەبارەت بە بەرپرسایڕیتی حکومەتی عێراق لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بۆ بەنزین، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتی "حكومەتی عێراق دەبێت بەشێك لە بەرپرسیارێتی كەمی بەنزینی هەرێمی كوردستان هەڵبگرێت،  دابینكردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە، بە ١٥ پارێزگای عێراق ٣٣  ملیۆن لیتری دەوێت، هەرێمی كوردستان ٦  ملیۆن لیتری پێویستە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاشکرایکرد کە لە "نێوان ٢٠٢٣ – ٢٠٢٦ لە هەرێمی كوردستان ٦٠٠  هەزار ئۆتۆمبێل زیادی كردووە".

لە کۆتایی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەکرد کە "مانگانە حكومەت بڕی ٢٦ ملیۆن دۆلار پشتیوانی نرخی بەنزین دەكرێت ٥٠  هەزار بەرمیل نەوتی خاو كاتێك دەپاڵێورێت ملیۆنێك و ٦٠٠ هەزار لیتر بەنزینی لێبەرهەمدەهێندرێت، لەكاتێكدا ئێمە رۆژانە پێویستمان بە ٦ ملیۆن لیترە".




PM:06:20:25/07/2026