فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی بنەماڵەی قوربانییانی ڕووداوی هاتوچۆی سەر ڕێگای دێرەزوور کرد کە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی سووری گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ مەزڵووم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ ئەو ڕووداوە ڕاگەیاند و هاوخەمیی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری کۆچکردووان کرد، هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
ئەم پەیامە دوای ئەوە دێت کە لە ئەنجامی پێکدادانی پاسێکی مەدەنی و پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر ڕێگای دێرەزوور – دیمەشق، ٣٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزارەتی ناوخۆی سووریاش هاوخەمیی خۆی بۆ سەرنشینانی ڕووداوەکە دەربڕی.