قوباد تاڵه‌بانی: بەکەسی کردنی کێشەکان ئیدانە دەکەم

‌قوباد تاڵه‌بانی
له‌ پەیامێكدا قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێ‌، هه‌موومان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی‌ مێژوویدان.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پەیامەكەیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، وه‌ك هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رپرسین له‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

دەقی پەیامەكە:


پەیامێک بۆ هاونیشتمانیانی خۆشەویست٠
بەکەسی کردنی کێشەکان ئیدانە دەکەم٠

ماوەیەکە هەندێک پەرلەمانتاری بەرێزو دەزگاکانی راگەیاندن دەستیان کردوە بە هەڵمەتی یەکتر تۆمەتبارکردن و یەکتر شکاندن لێدوان و بابەتە رۆژنامەنوسیەکان لە گۆشە نیگای پرس و بابەت و قەیرانە هەنووکەییەکان وەک سیاسەت و ڕاگەیاندنێکی دژ بە یەکتر بەکاری دێنن. پرسەکانی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە دام و دەزگاکانی حکومەت، سەرچاوەی دروست بوون و چارەسەرییەکانی دەخەنە ئەستۆی یەکتر. زەمینە سازی بۆلێکترازان دەکەن. دوور لە بەرپرسیاریەتی سیاسی و رۆژنامەنووسی رووماڵی بابەتەکان دەکەن و ژینگەیەکی نا دروست دەرەخسێنن و هەوڵی بەکەسی کردنی کێشەکان دەدەن.
بۆیە بەکەسی کردنی کێشەکان ئیدانە دەکەین و داوا لەپەرلەمانتارە بەرێزەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە دوور بکەونەوە لە بە شەخسی کردنی کێشە و قەیرانەکان ،وە بابەتیانە و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانە بکەن کە لە ئێستادا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە.
وەک روونە بۆ گشت لایەک کابینەی( ٨) هەشت، کابینەیەکی بنکە فراوانە، هەموو حزبە براوەکانی هەڵبژاردن تییایدا بەشدارە، بۆیە قەیرانەکان رووبەرووی هەموو وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بۆیە تەرکیز کردن لەسەر یەک یان دوو وەزارەت وەک ئەو رەخنانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەگیرێت ناڕەوان و دوورن لەو هەستی بەرپرسیاریەتیەی کە لەکابینەکەدا پەیڕەوی دەکەین. وە ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو لایەنەکانەوە بەرپرسیین لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان.
هەروەها بەداخەوە هەندێک بەرپرس لەحکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکە گلەیی خۆیان خستۆتە نێو دەزگاکانی راگەیاندن کە بەمەش چارەسەرکردنی کێشەکان بەلارێدا دەبرێن و لە سوودی هیچ لایەک نابێت. بۆیە داوا لە هەر بەرپرسێک و کارمەندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە وا هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە دام و دەزگاکانی حکومەت هەیە، بیگەرێنەوە ناو کۆبوونەوە رەسمیەکانتان و لەوێدا راوێژ و دەردەشەی بکەن، چونکە هەموومان لە حکومەتی هەریمی کوردستان لە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژوویداین.
قوباد تاڵەبانی




PM:04:45:18/01/2015