دەستەی دەستپاکی دەستی بەسەر هەزار بەڵگەنامەی ساختەدا گرت

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تیمەکانیان لە پارێزگای دیوانیە توانیویانە تۆڕێکی مەترسیداری ساختە و فێڵکردن بگرن، لە فەرمانبەر و پارێزەر پێکهاتبوون. تۆڕەکە کاریان دەستبەسەرداگرتنی زەوی و وەرگرتنی قەرزی نایاسایی بووە لە چەندین پارێزگای جیاواز.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمی دەستەی دەسپاکی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٣ تۆمەتبار دەستگیرکراون. ئەم گرووپە ٢٤٣ مامەڵەی وەرگرتنی قەرزیان لە رێگەی پشتگیری و بارمتەی ساختەوە لە ١٢ بانکی حکوومی لە چەند پارێزگایەک ئەنجامداوە. هەروەها ١٣ پارچە زەوییان بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ کەسانێک وەرگرتووە، مافی وەرگرتنیان نەبووە و خەڵکی پارێزگاکە نەبوون، ئەوەش لە رێگەی ساختەکردنی پشتگیری نیشتەجێبوون و وێنەی تۆمارەکان سورەت قەید.

تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەر زیاتر لە هەزار نووسراو و بەڵگەنامەی ساختەدا گرتووە، کە پێکهاتبوون لە زیاتر لە ٦٠٠ پشتگیری نیشتەجێبوون و وێنەی تۆماری ساختە، ناسنامەی باری شارستانی ساختە بۆ کەسانی زیندوو و کۆچکردوو، نووسراوی ساختەی ئاراستەکراو بۆ دەزگای شەهیدان، دەستەی خانەنشینی، لیژنەی ماددەی ١٤٠ و چاودێری کۆمەڵایەتی و ساختەکردنی بارکۆدی ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ وڵاتانی دەرەوە لەلایەن فەرمانبەری پسپۆڕەوە.

دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کردووە، کۆی گشتی ئەو قەرز و زەویانەی لە رێگەی ئەم ساختەکارییەوە کاریان بۆ کراوە، بەهاکەیان دەگاتە زیاتر لە ٤ ملیار دیناری عێراقی.

بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانیە، نیشانەی دەستبەسەرداگرتن خراوەتە سەر ١٣ خانوو و زەوی، و رێکارەکانی تملیککردنیان راگیراوە. هەروەها هەموو تۆمەتبارەکان دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون.




AM:09:37:26/07/2026