بە هۆی گرانی
و نەبوونی بەنزین نیوەشەوى ڕابردوو بەشێک لە شۆفێرانی دهۆک لە کاتی خەو و پشوودا
چوونە سەر شەقام و بۆ ماوەیەک ڕێگەی دهۆک_بارزانیان داخست.
لە سەرەتای قەیرانی بەنزینەوە شۆفێرانی دهۆکیش گیرۆدە بوون،
پێشتر لە نۆرەیەکی چەند کاتژمێریدا لە بەنزینخانەکان بۆ کڕینی بەنزینی ٧٥٠ دینار و
٨٥٠ دیناری دەوەستان، بەڵام دواتر نەک ئەوەش بەنزینی موحەسەن و سوپەریش نەمان.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرانیی نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزین
لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٦، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵی بازرگانی و حکومی دیاریکرد، کە بەنزینی نۆرماڵی حکومی لیترێک
بە ٧٥٠ دینار و بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ لیتری نابێت لە ٨٥٠ دینار زیاتر بێت، بەڵام
دواتر بەشێک لە بەنزینخانەکان ئامادەییان نەبوو بڕیارەکە جێبەجێبکەن و قەیرانەکە
قووڵتر بوو.
وەک چارەسەرێکی دیکە لە ٢٢ی تەمموزدا، وەزارەتی سامانە
سروشتییەکان بڕیارێکی دیکەی دا و لەبارەی نرخی سووتەمەنییەوە ڕایانگەیاند، نابێت لە
بەنزینخانەکان بەنزینی موحەسەن لە ١ هەزار دینار و سوپەر لە ١ هەزار و ٢٠٠ دینار زیاتر
بێت، دوای ئەم بڕیارەش لە زۆرێک لە بەنزینخانەکانی سنووری هەولێر و دهۆک، ئەو جۆرە
بەنزینانەش نەمان.