بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا
هۆکاری سوتانی ئۆتۆمبێلەکان بۆ کەمتەرخەمیی شۆفێران و کێشە تەکنیکییەکان دەگەڕێنێتەوە،
نەک کوالێتیی بەنزین.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هۆکاری
سوتانی ئۆتۆمبێلەکانەوە ڕایگەیاند، بە ناڕاستەوخۆ کەمتەرخەمیی شۆفێران بە هۆکاری سوتانی
ئۆتۆمبێلەکان دەزانێت نەک خراپیی بەنزین، ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ٣ ئۆتۆمبێل سوتان.
بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەربارەی هۆکارە
وەرزییەکانی ئاگرکەوتنەوە ئاماژەی بەوە کرد، سوتانی ئۆتۆمبێلی لە وەرزی هاویندا بۆ
چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە لەوانە؛ گەرمبوونی بزوێنەر بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمی
ساردکەرەوە یان کەمیی ئاوی ڕادێتەر کە گەرمی بزوێنەر بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز دەکاتەوە.
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی دزەکردنی ماددە سوتێنەرەکانەوە
ڕایگەیاند، "دزەکردن و لێچوونی ماددە سوتێنەرەکان" هۆکارێکی دیکەی گڕگرتنی
ئۆتۆمبێلە، لەو بارەیەوە زیاتر وتی "چونکە دزەکردنی بەنزین یان ڕۆنی بزوێنەر
لەسەر بەشە گەرمەکان دەبێتە هۆی داگیرساندنی خێرا، هەروەها کێشەی کارەبایی، کە دەبێتە
هۆی تێکچوون یان داخورانی وایەرەکان پریشکی کارەبایی دروست دەکات لەگەڵ بوونی گەرمی".
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هەبوونی ماددەی گڕگرتوو لەناو
ئۆتۆمبێلدا ئاماژەی بەوە کرد، ماددە گڕگرتووەکان، چەرخ، بۆن یان بوتڵی بەتاڵ و پاوەربانک
و مۆبایل لە ئۆتۆمبێلدا لەژێر تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ مەترسیی گڕگرتن و سووتانیان هەیە،
بە پێویستیشی دەزانێت هەموو ئۆتۆمبێلێک بوتڵی ئاگرکوژێنەوەی دەستی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا
هەبێت.
دوێنێ شەممە لە شاری هەولێر ٣ ئۆتۆمبێل بەهۆی خراپیی کوالێتیی
بەنزینەوە سوتان.