ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان
سەنی لە چیای ماکۆک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی ئاگری
گرت و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و شۆفێرەکەش دیار نییە.
عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی
شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین رایگەیاند، "کاتژمێر ١١:٠٠ی پێش نیوەڕۆ لە
رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە چیای ماکۆک ئاگادارکراینەوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی
شارستانیی راپەڕین گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد."
بە وتەی عەلی قادر،
دوای کواژندنەوەی ئاگرەکە سەرنشینێک بە سووتاوی لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دۆزرایەوە،
بەڵام شۆفێری ئۆتۆمبێلکە دیار نییە.
وتیشی،
"بەهۆی بەرزی رێژەی سووتانەکەی، نەزانراوە سەرنشینەکە ژنە یان پیاوە. جگە لە
تەرمەکە هیچ کەسێکی دیکە لەوێ نەبووە."
وتەبێژی بەرگریی
شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە
دەستنیشان نەکراوە و دەشڵێت، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و تیمەکانی
پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەن و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر."