ئەندامی ڕێکخراوی ملەکەوە، بەختیار عەلی ئاشکرایکرد کە ، بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە شاخی پشت گوندی کەژان (کانی مانگا) کەوتەوە و بەهۆی سەختی ناوچەکە و بوونی مین و تەقەمەنی نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
یەک شەممە، ٢٦ تەمووز ٢٠٢٦، ئەندامی ڕێکخراوی ملەکەوە رایگەیاند " لەکاتژمێر٣:٠٠ بەیانی ئەمڕۆوە ئاگرێکی فراوان لە سنوورەکە کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە بە هەزاران دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتاون".
بەختیار عەلی وتیشی "ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پێنجوێن، ڕێکخراوی ملەکەوە و هاووڵاتییانی سنوورەکە سەرقاڵی دروستکردنی ئاگربڕین بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، چونکە بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە ناتوانرێت ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت".
لە بارەی کۆنترۆڵنەکردنی ئاگرەکەوە ئەو ئەندامەی رێکخراوی ملەکەوە ئاماژەی بەوەکرد "تا ئێستا هۆکار و سەرچاوەی ئاگرەکە نەزاندراوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو ڕووداوێکی هاوشێوەی ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکە ڕوویدا و بە هۆیەوە دوو ژینگەپارێز شەهیدبوون، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە ئاگرەکە لە سنووری ڕۆژهەڵاتەوە گواستراوەتەوە بۆ باشوور".