سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق، بەلاسم سالم جەنابی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرایکرد کە ڕێوشوێنی جێبەجێکاریی توند بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەگرنەبەر.
شەممە، ٢٦ تەمووز ٢٠٢٦، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق رایگەیاند "بە نیازین لە ماوەی داهاتوودا ڕێوشوێنی جێبەجێکاریی توند بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بگرینەبەر، ئەگەر کۆمپانیاکە پابەند نەبێت، بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی بۆ هەمیشەیی لەبەردەستە و لەو حاڵەتەدا کۆمپانیای نیشتمانی جێگەی دەگرێتەوە".
لە لایەکی دیکەوە مونا محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەمان بابەت وتویەتی "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی دەربارەی کۆڕەک تیلیکۆم نەدراوە، بەڵام هەموو بژاردە یاساییەکان کراوەن، لیژنەکەمان بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات تاوەکو بڕیارێک بدرێت کە دادپەروەری مسۆگەر بکات و سامانی گشتی لە فەوتان بپارێزێت بەبێ ئەوەی زیان بە هاوڵاتیان بگات".
لەوبارەیەوە شارەزوور جاف، وتەبێژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند کە "لە ئێستادا ئامادە نین هیچ لێدوانێکی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە بدەین، چاوەڕوانی ئەنجامی دادگاکان دەکەین تاوەکو دۆسیەکە بە شێوەیەکی یاسایی یەکلا ببێتەوە".
کۆمپانیای کۆرەک تلیکۆم کە خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیروان بارزانی، یەکێکە لە کۆمپانیا دیارەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەردەوام رێکاری یاسایی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دژی گیراوەتەبەر.