حکومەتی هەرێم: رێگا نادەین نرخی بەنزین بەم شێوەیە بە بەرزی بمێنێتەوە

‌پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە رێکارەکانی حکومەت خستە ڕوو بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا وباسی لە مووچەی مانگی تەمووزیش کرد.

یەک شەممە، ٢٦ تەمووز ٢٠٢٦، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رێگا نادەین نرخی بەنزین بەو شێوەیە بە گرانی بمێنێتەوە، چارەسەری گونجاو دەدۆزینەوە، گوێمان لە خاوەن بەنزینخانەکان گرتووە، نامانەوێت غەدر لە هیچ کەسێک بکرێت، چونکە بۆ ئێمە بەرژەوەندی هاوڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە".

وتەبێژەکەی حکومەت وتیشی کە "پێویستە بازرگانان و خاوەن بەنزینخانەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا کەمێک لە قازانجەکانیان کەم بکەنەوە، حکومەتیش لە بەرامبەردا هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات".

سەبارەت بە پرسی مووچەی مانگی تەمووز، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، کە "میزان مراجعەی مووچە بۆ بەغدا نێردراوە و تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، داوامان کردووە پێداچوونەوە بە بابەتی ئەو ١٢٠ ملیار دینارە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا هیچ وەڵامێکی فەرمییان نەداوینەتەوە".




PM:05:10:26/07/2026