بەهۆی نەمانی بەنزینەوە ڕێگای دهۆک - زاخۆ لەلایەن شۆفێرانەوە داخرا

ژمارەیەک لە شۆفێران لە سنووری پارێزگای دهۆک، ڕێگای سەرەکیی نێوان دهۆک و زاخۆیان بەڕووی هاتووچۆدا داخست و ئاستەنگ و قەرەباڵغییەکی زۆریان دروست کرد، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک لە سەرەی وەرگرتنی بەنزیندا مابوونەوە، بەڵام پاشان بەنزین لە وێستگەکەدا تەواو بووبوو.

ئەم ناڕەزایەتییە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی تەممووز، حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخێکی نوێی بۆ جۆرەکانی سووتەمەنی دیاری کرد تا بەنزینی نۆڕماڵ بە ٨٥٠ دینار، موحەسەن بە ١٠٠٠ دینار و سوپەر بە ١٢٠٠ دینار بگاتە دەست هاووڵاتییان.

لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بەدواداچوونەکانی "سپی"، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەنزین زۆر بە زەحمەت دەست دەکەوێت و زۆربەی بەنزینخانەکان هەڵواسینێکیان لێداوە کە بەنزینیان نییە یان ڕایدەگەیەنن بەنزینی جۆری نۆڕماڵیان بەردەست نییە.



AM:12:11:27/07/2026