فۆتۆگرافەرێکی ناسراوی سنە و دوو ئەندامی خێزانەکەی بە دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران

مەهدی تەوەکولی، وێنەگری ناسراو و بەرپرسی "ماڵی وێنەگرانی پارێزگای سنە”، شەوی ڕابردوو لەگەڵ دایک و خوشکی لەسەر ڕێگای سنە - مەریوان کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گولەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و لە ئاکامدا ئۆتۆمبیلەکەیان وەرگەڕاوە و هەر سێکیان گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر کەسوکاری قوربانییەکان تا ڕایبگەیەنن ڕووداوەکە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بووە، بەو هۆیەوە تەرمەکانیان لە بێدەنگیدا لە شاری سنە بەخاک سپێردراون.

مەهدی تەوەکولی جیا لە چالاکییە مەدەنی و نیشتمانپەروەرییەکانی و ڕێکخستنی ئاهەنگەکانی نەورۆز، پێشینەی چالاکیی سیاسی هەبووە و چەندین جار دەستگیر کرابوو. وەک ناوبژیوان لە فێستیڤاڵەکانی فۆتۆگرافیی باشووری کوردستان بەشداریی کردووە و چەندین پێشانگای وێنەی بۆ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات و باشوور ڕێکخستووە.



PM:10:08:27/07/2026