داواکاری گشتیی هەرێم: پێویستە بەپەلە کابینەی دەیەمی حکومەت پێکبهێنرێت

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا نیگەرانیی قوڵی خۆی بەرامبەر دۆخی ئێستای هەرێم نیشان دا و داوای بەپەلەی کرد بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان.

داواکاری گشتی هۆشداریی دا کە مانەوەی هەرێم بەبێ پەرلەمانێکی کارا و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان دەگەیەنێت و گرفتی یاسایی قوڵ لە سێکتەرە گرنگەکاندا دروست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، داواکاری گشتی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پەککەوتنی پرۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوە دەربڕی و داوای کرد دەسەڵاتی دادوەری لە ململانێی سیاسی دوور بخرێتەوە.

هەروەها جەختی کردەوە کە بەپێی یاسا کاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغەیە، بۆیە پێویستە دادگای پێداچوونەوە دەست بەکارەکانی بکاتەوە بۆ پاراستنی مافی خەڵک.

داواکاری گشتی داوای لە لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە براوەکان کرد بەپەلە دانیشتنی پەرلەمان ساز بکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، هاوكات جەختیشی کردەوە کە تا کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەم پێویستییەکی دەستووری و یاساییە بۆ ڕێگریکردن لە بۆشایی سیاسی و کارگێڕی.

ئەم هۆشدارییەی داواکاری گشتی لە کاتێکدایە کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی قوڵی نێوان پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.



PM:10:53:27/07/2026