فراکسیۆنی پارتی لە کەرکوک: لەسەر داوای هاوڵاتییان بڕیاری گەڕانەوەمان دا

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی بە بایکۆتەکەی هێنا و ڕایگەیاند، لەمەودوا وەک نوێنەری هاوڵاتییان و بە مەبەستی چاودێریکردنی پڕۆسەی بەڕێوەبردن، بەشداریی کارا لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی تەمووز فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گەڕانەوەی فەرمیی خۆی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن ڕاگەیاند. شۆخان حەسیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دوای تاوتوێکردنی وردی دۆخەکە نراوە و ئامانجی سەرەکییان خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوکە.

بە وتەی ئەندامانی فراکسیۆنەکە، گەڕانەوەیان لەسەر داوای هاوڵاتییان و سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا بووە. شۆخان حەسیب باسی لەوە کرد کە پارتی دەیەوێت ڕۆڵی چاودێری ببینێت، چونکە هاوڵاتییان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانی دەزانن و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەوانەوە دەنگیان بگاتە ناو بڕیارەکانی ئەنجوومەن.

بڕیاردان لەسەر گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی وادەکات لەمەودوا بەشدارییەکی کارایان لە دانیشتنەکان و پڕۆسەی بڕیاردانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا هەبێت. ئەندامانی فراکسیۆنەکە جەختیان کردەوە کە پشکداریی ئەوان بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان، خزمەتکردنی شارەکە و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەبێت لە ناو پڕۆسەی بەڕێوەبردنی کەرکوکدا.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی ٢ ساڵ پارێزگاری کەرکوک کورد بوو بەڵام فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کردبوو.




PM:05:23:28/07/2026