پارتی لەگەڵ ئەوەدا نیە پۆستەکانی سلێمانی و هەڵەبجە تێکەڵبکرێن

 سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەلێت، ئێمە داواکاریەکانی خۆمان ئامادەکردووە، کە سەردانیان کردین، ئینجا دەخەینە ڕوو؛ هەرچۆنێک بێ، لەگەڵ ئەوەدا نین پۆستەکانی هەڵەبجە تێکەڵ بە سلێمانی بکرێن.

زیاد کاکەڕەزا، سەرلیستی پارتی یموکراتی کوردستان و، ئەندامی شاندی دانوستانکەری پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندوە: "سنووری ئێمە فراوانە، وەکو چوار پارێزگا وایە؛ سلێمانی و، هەڵەبجە و، ڕاپەرین و، گەرمیان، بۆیە پێویستە بەپێی هەقی خۆمان، پۆستمان پێ بدرێت؛ ھەرکاتێکیش شاندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و، بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی ئێمە بکەن، ڕیزی داواکارییەکانمان ئامادەیە و، دەیخەینە ڕوو."

زیاد کاکەڕەزا، وتیشی: "ئێمە نامانەوێت پۆستەکانی هەڵەبجە، تێکەڵ بە سلێمانی بکرێت، چونکە لەوێ ڕێککەوتنی سیاسی کراوە و، پێویست ناکات تێکەڵ بە سلێمانی بکرێت؛ لەوێ پۆستەکان دابەش کراون و، یەکلایی کراونەتەوە."

کاکەڕەزا، ئامادە نەبوو داواکارییەکان بدرکێنێت و، گوتی: "ھەرکاتێک شاندێ ھەردوو لایەنەکە سەردانیان کردین، ئەوکات ئاشکرای دەکەین."



PM:04:19:20/01/2015