سەرۆک وەزیرانی عێراق عەبادی لەسەر هەوڵی کوشتنەکەی دەڵێت: دەزگاکانی ئیستخبارات پێیان راگەیاندم کە جموجوڵ و رێگای هاتوچۆم بگۆڕم، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەوڵی کوشتنەکەم سەر نەگرێت.
عەبادی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیات دەڵێت" لەگەڵ برا کوردەکان بڕواو متمانەمان بەیەکەو هەماهەنگیمان هەیە لە بواری ئەمنی و سەربازیی و ئابوری، بەڵام من قسەم لەگەڵ برا کوردەکان زۆر راشکاوانە بوو، وتم" ئەگەر دەتانەوێت لەسەر رێبازی پێشوو بەردەوام بن، بەو مانایەی چیتان دەوێت لە عێراق بیبەن تا جیادەبنەوە، پێویستە روون بین لەگەڵ یەکدا، ئەگەر دەشتانەوێت لە عێراقدا بمێننەوە ئەوا ئێمە ئامادەین نانەکەتان لەگەڵدا دابەش بکەین".
ئەو لەسەر هەڵوێستی تورکیا دەربارەی کورد لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تورکیا مەترسی داعش و مەترسی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک یەک دەبینێت.
لەسەر بریندابوونی قاسمی سلێمانیش لە عێراق دەڵێت: ئەگەر برینداربوایە دەزگا ئەمنییەکانمان پێیان دەوتم.
لەسەر برینداربوونی ئەبوبەکری بەغدادی سەرکردەی داعش، عەبادی دەڵێت: بریندار بووە، بەڵام رزگاری بووە، ئێستا زۆربەی کاتەکانی لە سوریا بەسەر دەبات.
دەربارەی پەیوەندی ئەمریکاو ئێران، باس لەوە دەکات کە ئارەزوویەک هەیە لەلایەن هەردوولاوە بۆ لێک نزیکبوونەوە رێککەوتن.