داعش: دڵخۆشین بە ئازادكردنی مەلا كرێكار

گروپی داعش لە تۆڕی كۆمەڵایەتیەكان بەبۆنەی ئازادبوونی مەلا كرێكار لەزیندان پەیامێكدا خۆشی خۆیان دەردەبڕن‌و داوای ئاشكرابوونی بۆچوونی مەلاكرێكار لەسەر ئەمەریكا‌و خەڵافەتی داعش‌و پێشمەرگە دەكات.

چەند پەیجێكی گروپی داعش لەتۆڕە كۆمەڵاتییەكان سەبارەت بە ئازادبوونی مەلا كرێكار لەزیندان لەپەیامێكدا بڵاویانكردوە: "دڵخۆشین بەوەی مامۆستا كرێكار لە زیندان دەرچووە، ئەگەر خێری بۆ موسڵمانان ‌و ڕیزی موجاهیدان تێدا بێت، ئێمە لێرەدا ڕایدەگەیەنین، كە هیچ قسەیەك لەسەر مامۆستا ناكەین، تاكو ئەو قسە بكات و بزانین ڕا و بۆچوونی لەسەر خەلافەت و هاوپەیمانیی ئەمریكا و پێشمەرگە چییە؟”.

هەر لەو پەیامەدا، ڕێكخراوی توندڕەوی داعش داوای لە مەلا كرێكار كردووە، ئەگەر لە بەر بارودۆخی ئەمنی نەیتوانی قسە بكات، كە ئەوان بە "قسەی هەق” ناویان بردووە، ئەوا بێدەنگی بۆی باشترە و بە هەڕەشەوە نووسیویانە: "بێدەنگی بۆ مەلا كرێكار سەلامەتییە”. هاوكات داوای لێكراوە، لەو بۆچوونە هەڵانەی، كە پێشتر هەیبوو، پەشیمان ببێتەوە و "نەبێتە هۆی دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان موسڵماناندا”.

نەجمەدین فەرەج كە ناسراوە بە (مەلا كرێكار) و ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام بوو لە رۆژی 27/3/2012 دادگای‌ بەرایی‌ ئۆسلۆ حوكمی‌ 6 ساڵی‌ زیندانی‌ بەسەردا سەپاند، دواتر دادگای‌ پێداچوونەوەی‌ نەرویجی‌ ئەو حوكمەی‌ بۆ دوو ساڵ ‌و 10 مانگ كەمكردەوەو سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە زیندان ئازادكرا.



PM:09:09:25/01/2015