"سەرنوسەری خەبات: كوردیو فارسی لەشوێنێكدا بەناوی (فارسی قەدیم) یەكدەگرنەوە"
سەلام عەبدوڵا
سەلام عەبدوڵا، سەرنوسەری رۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەواڵنێری فەرمی ئێران (ئیرنا) دەڵێت: ئێران یەكەم وڵات بووە لەشەڕی داعش هاوكاریی كوردی كردوە.
ماڵپەڕی ئیرنا، لەهەواڵێكدا دەنوسێت، سەرنوسەری خەبات، سەلام عەبدوڵا، سەرنوسەری رۆژنامەی خەبات كە "زۆرترین تیراژی لە كوردستانی عێراقدا هەیە" لەسەروبەندی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەو هەواڵنێرییەدا كردوە.
سەلام عەبدوڵا لەو دیمانەیەدا سەبارەت بە شەڕی داعش، بە ئاماژە بە سوپاسكردنی مەسعود بارزانی لەیارمەتیەكانی ئێران دەڵێت: كۆماری ئیسلامی ئێران یەكەمین وڵات بوو كە بۆ شەڕی داعش یارمەتی كوردی كردوە كە هەموو ئەمانە هۆكارێكی گرنگن بۆ باشتركردنی پەیوەندی هەردوو لایەن.
سەرنوسەری خەبات بە جەختكردنەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمو كۆماری ئیسلامی پێشنیار دەكات ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشی كوردیو فارسی بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە دروست بكرێت.
سەلام عەبدوڵا هەروەها دەڵێت: "ئێمە (كوردو فارس) زمانمان یەكێكەو لە رەگەزێكی هاوبەشین. هەموو دەزانین كە كوردیی و فارسی لەشوێنێك بەناوی "فارسی قەدیم" دەبنەوە بەیەك، سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتو زۆرێك لە سەركردەكانی كورد بە باشی فارسی قسە دەكەن كە هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ ئەو پەیوەندییە مێژوییەی كە لەنێوان ئێرانو كوردی عێراقدا هەیە".
ناوبراو سەبارەت بە گرنگی سەركەوتنی كۆماری ئیسلامی لە ئێرانو بە ئاماژە بە خیانەتی شای ئێران بەكورد، دەڵێت: پاش شۆڕشی ئیسلامی پەیوەندی هەردوو لایەن رۆژ لەگەڵ رۆژ گەشەی سەندوە.
PM:04:31:10/02/2015