پرسی گۆڕینی 26 پەرلەمانتارەكە قسەی زیاتری لەسەر دەكرێت

ئەمرۆ پەرلەمانی عێراق دانیشت بۆ یەكلاییەكردنەوەی پرسی 26 ئەندام پەرلەمان كە لەجێگەی هەمان ژمارە كاندید دانراون كە لەوان دەنگیان زیاتر هێناوە‌و، پەرلەمان بڕیاریدا لەگەڵ سەرۆكایەتی‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان گفتوگۆی زیاتر بكات.

هۆشیار عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند كە ئەوان لە كۆبوونەوەی ئەمرۆدا یەكێك لە خاڵانەی گفتوگۆیان لەسەر كردوە، سكاڵای ئەو 26 كاندیدەیە كە دەنگیان زۆر هێناوە‌و جێگەكەیان پڕكراوەتەوە لەلایەن لیستەكانیانەوە.

هۆشیار عەبدوڵا وتی: ئەم كەیسە لەبەردەم دوو ئەگەردایە، لەلایەكەوە بڕیاری دادگای فیدراڵی (مولزەمە)‌و پێویستە جێبەجێ بكردێت‌و، لەلایەكی تریشەوە بۆچوونێك لە پەرلەمان پێیوایە ئەگەر ئەم یاسایە جێبەجێ بكرێت ئەوا هیچ جۆرە جێگیربوونێك لەنێو پەرلەمان نامێنێت.

لەو 26 كەسە كە دانراون‌و بوونەتە پەرلەمانتار، دوانیان كوردن. یەكێكیان مەحمود رەزایە لە فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئەوی دیكەش شوان داودیە لە فراكسیۆنی یەكێتی.

بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا، ئەو كاندیدەی دەنگی زیاتر هێناوە لە مەحمود رەزا هیچ تێبینییەكی نیە لەسەر پەرلەمانتارەكەی خۆیان‌و سكاڵاشی تۆمار نەكردوە.

سەبارەت بە شوان داودی، ئەو كاندیدەی كە دەنگی لەو زیاتر هێناوە‌و ناوی "فەلاح سەڵاح"ە بە سپی میدیای راگەیاند: ئێمە داوایەكمان پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران‌و دادگای فیدڕاڵی كردوە‌و داوامان كردوە كە ناحەقی كراوە بەرامبەرمان‌و كەسی دیكەیان لەشوێنمان داناوە‌و سەرەتا پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدات، ئەگەر بڕیارەكەی لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو، ئەوا دۆسیەكەمان لە دادگایی فیدراڵی یەكلایی دەكەینەوە.

فەلاح سەڵاح وتی: مەسەلەكە هەر كاتە‌و هەنگاوەكەی ئێمە بە پێی مادەی 52ی دەستوری عێراق بڕگەی (ا) سەرەتا سكاڵاكەمان لەپەرلەمانە‌و ئەگەر لەبەرژەوەندی ئەوان یەكلایی كراوە، ئەوا مافی دەستوری‌و یاسایی خۆمانە كە (تەعن) لە بڕیارەكە بدەین‌و دادگایی فیدراڵی یەكلایی بكاتەوە كە دڵنیان لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت.



PM:05:24:28/02/2015